رووسیا بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لە ئۆكراینا تۆمەتبار دەكرێت

جیهان

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 184

راچڵەكین -

دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا ئاشكرای دەكات سوپای رووسیا لەهێرشەكانی بۆسەر ئۆكراینا، چەكی كیمیاویی قەدەغەكراوی بەشێوەیەكی بەكارهێناوەو بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگ كوژراون،  داواش دەكات سزای توندتر بەسەر مۆسكۆدا بەسپێندرێت.

هەریەك لە وەزیری بەرگریی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا بە ئاژانسی رۆیتەرز-یان راگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی هۆڵەندا بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان كۆكردووەتەوە كە دەیسلەمێنێت سوپای رووسیا چەكی كیمیاویی قەدەغەكراوی لە ئۆكراینا بەكارهێناوە، ئەویش بەبەكارهێنانی جۆرە مادەیەكی خنكێنەر لەڕێی درۆنەوە، ئەمەش سەربازەكانی ئۆكراینای ناچاركردووە لە خەندەقەكانیان بێنە دەرەوەو دواتر لەلایەن رووسیاوە گوللەباران كراون.

بەوتەی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی هۆڵەندا، سوپای رووسیا ئەو جۆرە ماددە كیمیاوییەی بەشێوەیەكی بەربڵاو لە بەرەكانی جەنگ لەدژی سوپای ئۆكراینا بەكارهێناوە، ئەمەش بە تاوانی جەنگ دادەنرێت و پێویستە لەسەر وڵاتانی رۆژئاوا سزاكایان بۆسەر ئەو وڵاتە توندتر بكەن.  

هەرچەندە تائێستا رووسیا بە فەرمی وەڵامی ئەو تۆمەتانەی هۆڵەندای نەداوەتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئۆكراینا پێشتر ئاشكرایكردبوو، هەزاران سەربازی وڵاتەكەیان كە لە بەرەكانی جەنگ كوژراون، شوێنەواری چەكی كیمیاوی بەجەستەیانەوە بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن