راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل ناوچەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە كەرتی غەززە فراوانتر دەكات و داواش لە دانیشتووانی چەندین ناوچەی باشووری كەرتەكە دەكات لەپێناو سەلامەتی ژیانیان، بەزووترین كات ناوچەكانیان جێبهێڵن و روو لە شوێنە ئارامەكان بكەن.
ئەمڕۆ هەینی 4-7-2025، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی سوپا ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێكی فراوانی سەربازیی بۆسەر چەند ناوچەیەكی شاری خان یونس لە باشووری كەرتی غەززە دەكات بەمەبەستی پاككردنەوەیان لە تیرۆریستانی حەماس.
ئەدروعی داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كەرتی غەززە كرد لەپێناو پاراستنی ژیانیان، بەزووترین كات ناوچەكانیان جێبهێڵن و روو لەو ناوچانە بكەن وەك شوێنی پارێزراو لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دیاریكراوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشكراشیكردووە، هەر شوێنێكی كەرتی غەززە كە لەلایەن حەماسەوە بەكاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، دەبنە ناوچەی سەربازی و سوپای ئیسرائیلیش سڵ لە هێرشكردنە ئەو ناوچانە ناكاتەوە.
تائێستا دەیان هەزار كەس لە دانیشتووانی ناوچەكانی باكووری كەرتی غەززە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای ئیسرائیلەوە، جارێكی تر ئاوارەبوونەتەوەو ناچار بوون ناوچەكانیان جێبهێڵن.