ڕاچڵەکین سپۆرت -
دێنزێل دۆمفرێس بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان بەردەوامە لە سەرلێشێواندنی ئیدارەی نێرازۆری سەبارەت بە ئەگەری چالاککردنی مەرجی ئازادکردنی کە بڕی 25 ملیۆن یۆرۆیە.
ئەم بڕگەی ئازادکردنە لە گرێبەستی دۆمفرێسدا تا 15ی تەمموز کارا دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئینتەرمیلان لە باری نائاساییدایە، بەهۆی فشارەکانی خۆرخی مێندێز، بریکاری دۆمفرێس بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بەرشەلۆنە.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە کە یانە کەتەلۆنییەکە بەجدی بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ دۆمفرێس دوای شکستهێنانی نێکۆ ویلیامز ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیک بلباو دەکاتەوە، هەروەها بەرپرسانی بارسا پێیان وایە مووچەی ئەو یاریزانە هاوتایە لەگەڵ تواناکانی یانەکە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆمفرێس نوێنەرایەتی ئەو جۆرە بەرگریکارە باڵانە دەکاتەوە کە هانسی فلیکی ڕاهێنەر پێی باشترە، ئەمەش بەهۆی هێز و خێراییە جەستەییە گەورەکەیەوە.
فلیک پێی وایە بارسێلۆنا پێویستی بە یاریزانێکی خاوەن ئەم سیفەتانە هەیە بۆ ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ یانە پلە یەکەکانی ئەوروپا بکات، هەروەها پێی وایە بەشداریی ئەو یاریزانە هۆڵەندییە یەکلاکەرەوە بوو لە دۆڕانی بەرشەلۆنە بەرامبەر ئینتەرمیلان لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
دۆمفرێس ساڵانە 4 ملیۆن یۆرۆ مووچە وەردەگرێت، ئەو بڕە پارەیە بەرشەلۆنە لە توانایدایە پێی بدات، یاریزانەکەش زۆر بە پەرۆشە بۆ گۆڕینی دیمەنەکان لە وەرزی نوێدا.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، بریکاری دۆمفرێس بەرشەلۆنەی لە خواستی ئەو یاریزانە ئاگادار کردووەتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات بارسا هەنگاوێکی فەرمی بەرەو گرێبەستەکە بنێت.
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ڕوونیشیکردووەتەوە، یانەی مانچستەر سیتی بۆ ئێستا بەدواداچوونەکانی بۆ دۆمفرێس ڕاگرتووە، سەرەڕای ئەوەی یانەکانی تری پریمەرلیگ بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکەنەوە.