ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، مانچستەر یونایتد مۆڵەتێکی ناوازەی بە یاریزانە پورتوگالیەکان برۆنۆ فێرناندز و دیۆگۆ دالۆت داوە لە مەشق و ڕاهێنانەکان دوای مردنی هاوڕێیان دیۆگۆ جۆتا، یاریزانی کۆچکردووی لیڤەرپوول.
جۆتا و براکەی بەناوی ئەندرێ سیلڤا، بەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ڕووداوێکی ترسناکی ئۆتۆمبێلدا لە کاتێکدا لە ئیسپانیا بوون، گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی، مانچستەر یونایتد بڕیاریداوە هەفتەیەکی دیکە مۆڵەت بە فێرناندێز و داڵۆت بدات، دوای ئەوەی شەممەی ڕابردوو بەشداری پرسەی جۆتایان کرد لە پورتوگال. ئەو دووانە تا ئێستاش ماتەمینی لەدەستدانی هاوڕێکەیان دەگێڕن.
لای خۆیەوە یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد بە سەرۆکایەتی ڕوبێن ئەمۆریمی ڕاهێنەر، ئەمڕۆ دووشەممە گەڕانەوە بۆ مەشقەکان لە یاریگای کارینگتۆن بۆ دەستپێکردنەوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ.