راچڵەكین -
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەكان لەبازگەی دەربەندیخان، دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری هەڵاتوو لەیاسا، رادەگەیەنێت، كە تۆمەتبارن بە كوشتنی كەسێك لە قەزای خانەقین.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، رۆژی 21ی مانگی رابردوو، بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، شەڕ لەنێوان (سێ) هاوڵاتی لەقەزای خانەقین ڕوودەدات و كەسێك بەچەقۆ لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە دەكوژرێت و دەستبەجێ شوێنی ڕووداوەكە بەجێ دەهێڵن و هەڵدێن.
دەزگای ئاسایش ئاشكرایكردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش دوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش توانییان لەبازگەی دەربەندیخان، هەردوو تۆمەتبارانی ڕووداوەكەی قەزای خانەقین دەستگیر بكەن و لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی، راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.