توركیا.. سەرۆك شارەوانییەكی دیكەی سەر بە جەهەپە لە پۆستەكەی دووردەخرێتەوە

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 173

راچڵەكین -

دوای تۆمەتباركردنی سەرۆك شارەوانی ئەنتاڵیا بە وەرگرتنی بەرتیل، وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڕیاریدا موحیەدین بووجەك بە شێوەی كاتی لە پۆستەكەی دووربخاتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، موحیەدین بووجەك، سەرۆكی شارەوانی ئەنتاڵیا، كە لە چوارچێوەی دۆسیەی وەرگرتنی بەرتیل، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بە شێوەیەكی كاتی لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی توركیادا هاتووە، لەرۆژی 5ی ئەم مانگەوە، موحیەدین بووجەك بەتۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، لە دادگای ئەنتاڵیا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت و لەئەگەری سەلماندنی تۆمەتەكان، بەپێی یاسای ناوخۆی توركیا، فەرمانی زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

سەرۆكی شارەوانی ئەنتاڵیا، كە سەر بە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، ئەو تۆمەتانەی رەتكردووەتەوە كە ئاڕاستەی كراون و بە هەوڵێكی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری دەزانێت بۆ دوورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە لە پۆستەكانیان.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی توركیا چەندین سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپەیان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیركردووە و بە بیانووی لێكۆڵنەوە لەو كەیسانەی پێی تۆمەتباركراون، لە پۆستەكانیان لابراون، لە بەرامبەردا سەركردایەتی جەهەپە ئەم رێوشوێنانەی پارتی دەسەڵاتداری توركیا، بە درێژكراوەی پیلانێكیان وەسفدەكات بۆ لاوازكردنی حزبەكەیان و دەستگیركردنی كەسایەتییە گرنگ و جەماوەرییەكانیان، لەوانەش ئەكرەم ئیمام ئوغڵون سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبوڵ، كە بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەكردنی بڕوانامەی زانكۆ، لە مانگی ئاداری رابردوو دەستگیركرا و لە پۆستەكەشی دوورخرایەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن