لیژنە وزاریەكەی عیراق بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا كۆبوەوە

عێراق

2 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 221

راچڵەكین-

لیژنە وزارییەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق تایبەت بە دۆزینەەوەی رێگەچارەسەرێكی كێشەكانی نێوان بەغدادو هەولێر، یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەمووزی 2025 بە سەرۆكایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆكوەزیران كۆبوونەوەكە ئەنجامداوە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:" لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوو رەشنووسی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان خرانەڕوو، كە چەند تەوەرێكی گرنگیان لەخۆگرتبوو؛ لەوانە، دۆسیەی هەناردەكردنی نەوت و میكانیزمەكانی رێكخستنی، بڕی بەكارهێنانی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەكان، هەروەها رادەستكردنی پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، جگە لە گفتوگۆكردن لەبارەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەران."

"لیژنەكە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەكنیكی و كارگێڕییەكان لەبارەی ئەو دۆسیانەوە كردەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری خێرا و دادپەروەرانە و واقیعییانە، كە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان مسۆگەر بكات، هاوشێوەی هاوپیشەكانیان لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق" وەك لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی پلاندانانی عیراقدا هاتووە. 

لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیاردرا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ تاوتوێكردنی هەردوو رەشنووسەكەی بەغدادو هەولێر لەبارەی هەناردەی نەوت، رادەستكردنی داهاتی نانەوتی، تەوتین و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

لیژنەكە بە سەرۆكایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی خالید شوانی، وەزیری داد، بەنگین رێكانی، وەزیری نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە، نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی و كانزاكان.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن