راچڵەكین-
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ژمارەی ئەو ئاوارانەی ئاشكرا كرد كەتائێستا لەكەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا ماونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، ژمارەی ئەو كەمپانەی ماونەتەوە ٢٠ كەمپن كە پێنج كەمپیان لە هەولێرن و ١٥ كەمپیان لە دهۆكن و بە گشتی ٢١ هەزار خێزانی تێدایە.
ئاماژەبەوەشكراوە، دۆسیەی ئاوارەكان هەنگاوێكی زۆری بڕیوە و تەنها چەند قۆناغێكی كەمی ماوە، بەڵام كەمی بودجە هۆكاری سەرەكی بوو بۆ خاوكردنەوەی جێبەجێكردنی هەنگاوەكان.
وەك لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقدا هاتووە، پاڵپشتی دارایی خاڵێكی سەرەكییە لەم بابەتەدا بەتایبەتی دوای ئەوەی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێك تەرخانكرا كە كەمپەكە بەجێدەهێڵێت، بەڵام راگرتنی تەمویل كاریگەری نەرێنی لەسەر گەڕانەوەی خێزانەكان هەبوو.