راچڵەكین-
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، قاسم ئەعرەجی ڕایگەیاند، پێویستە چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بدۆزرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تەمووزی 2025 قاسم ئەعرەجی بە پێویستی زانی كە چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە و جەختی لەوەش كردووە كە پێویستە ھەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی مووچە بگەنە ڕێككەوتن.
وتیشی، گرنگە پرسە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی فیدراڵیی بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن.
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق باسی لەوەش كرد، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەبارەی ئەو ھێرشانەی كە بەم دواییانە لە ڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كرانە سەر ھەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق.
دوێنێ چوارشەممە، قاسم ئەعرەجی- ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، بەسەردانێك گەیشتە ھەولێرو زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێم ئەنجام دا.