یانەیەکی گەورەی تر کێبرکێی بەدەستهێنانی ڕۆدریگۆ دەکات

وەرزش

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 203

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ڕۆدریگۆ گۆسی بەڕازیلی و ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدرید لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا نزیکە لە جێهێشتنی یانەکەی.

وا دیارە ڕۆدریگۆ لە پلانەکانی چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەر دوورکەوتووەتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پەراوێزخستنی لەسەر کورسی یەدەگ بەدرێژایی جامی مۆندیالی یانەکان کە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ چوارشەممە یانەی ڕیال مەدرید ماڵئاوایی لە جامی جیهانی یانەکان کرد، دوای ئەوەی لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بە یانەی پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی 4-0 دۆڕا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی (زە ئەتلەتیک)ی بەریتانی، یانەی ڕیال مەدرید ئامادەیە لەم هاوینەدا لەگەڵ ڕۆدریگۆ جیاببێتەوە.

بۆیە سەبارەت بە بەردەوامبوونی ڕۆدریگۆ لەگەڵ یانەکە تەنها لە ئەستۆی ڕۆدریگۆی تەمەن 24 ساڵدا دەبێت، سەرەڕای ئەوەی لەم دواییانەدا ماوەی یاریکردنی کەم بووەتەوە.

ئەگەر ئەو یاریزانە باڵە بەڕازیلییە بڕیاری جێهێشتنی یانەی ڕیال مەدرید بدات، چەند یانەیەک هەوڵی ڕاکێشانی دەدەن، لەوانە پاریس سانجێرمان و ئارسناڵ و مانچستەر سیتی.

هەروەها بایرن میونشنیش بەم دواییە هاتۆتە نێو کێبڕکێکانەوە و هەوڵی گواستنەوەی ڕۆدریگۆ دەدات لەم هاوینەدا.

ڕۆدریگۆ لە ساڵی 2019 لە سانتۆسەوە ڕووی لە یانەی ڕیال مەدرید کرد بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ.

وەرزی ڕابردوو یاریزانە بەڕازیلییەکە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 51 یاری ئەنجامدا و 14 گۆڵی تۆمارکرد و 10 ئەسیستیشی کرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن