ئەو گروپەی گەریلای پە.كە.كە كە چەكەكانیان لەناوبرد پەیامێك بڵاودەكەنەوە

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 211

راچڵەكین-

گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك لەبارەی پرۆسەی لەناوبردنی چەك رایدەگەیەنێت:"بانگەواز لە گەلەكەمان و سەرجەم هێزە سیاسییەكانی دەكەین، بەشێوەیەكی ڕاست تێبگەن لە تایبەتمەندییەكانی ئەم قۆناخە مێژووییەی ئێستا و ئەم پرۆسەی 'ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك'یەیی كە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێكردووە."

ئەمڕۆ هەیینی 11ی تەمووزی 2025  گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە پێكهاتوون لەو گەریلایانەی چەكەكانیان لەناوبرد، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەیان بەوەكردووە:" بانگەوازی لە گەلان بەگشتی، وە بەتایبەتی ژنان و گەنجان، كرێكار و ڕەنجدەران، هێزە دیموكرات و سۆسیالیستییەكان، ڕۆشنبیر، نوسەر، ئەكادیمیست، مافناس، هونەرمەند و سیاسەتمەداران دەكەین بەشێوەیەكی ڕاست و درووست لەم هەنگاوە مێژووییەمان تێبگەن و لەپاڵ ئێمە و گەلەكەماندا بن. هەروەها داوادەكەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی و دیموكراتییانەی پرسی كورد چالاكانەتر تێبكۆشن و لە ئاستی جیهانیدا تێكۆشانی دیموكراتییانە، سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بكەین.

دەقی راگەیەندراوەكە/


"بۆ ڕای گشتی و گەلەكەمان

بەناوی گرووپی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"یەوە كە بۆ برەودان بە پرۆسەی گۆڕان و وەرچەرخانی دیموكراتیكی پێكهێندراوە؛ سڵاو و ڕێزی خۆمان پێشكەشی ئامادەبووان و هەموو شاهیدانی ئەم چالاكییە دیموكراتییە مێژووییەمان دەكەین.

ئێمەی ژنان و پیاوانی شەڕڤانانی ئازادی كە لە مێژوویی جیاجیادا بە ئامانجی شەڕكردن لە دژی هێرشەكانی نكۆڵیكردن و قڕكردنی كورد بەشداریمان لە ریزەكانی پەكەكەدا كردووە، چەكمان هەڵگرتووە و لە هەرێم و شوێنی جیاجیا تێكۆشانمان بەڕێوەبردووە، ئەمڕۆ وەك وەڵامێك بۆ بانگەوازییەكەی رێبەری گەلی كورد عەبدوڵا ئۆجالان كە لە راگەیەندراوەكەی ڕێكەوتی ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ییدا بڵاوی كردبووەوە؛ هاتووین بۆ ئێرە. هاتنەكەمان لەسەر بنەمای بانگەوازی ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"ـی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بڕیارەكانی ١٢هەمین كۆنگرەی پەكەكەیە كە لە رۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا ئەنجامی دا.  وەك نیازپاكی و هەنگاوی بڕیارداری لە پێناوی بەكرداریی سەركەوتنی پرۆسەی (ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی) و لە ئێستاشەوە بە ئامانجی بەردەوامیدان بە تێكۆشانی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزمیمان بە رێبازی سیاسەتی دیموكراتی‌ و یاسایی و هاوكات لەسەر بنەمای دەركردنی یاساكانی ئێنتیگراسیۆنی دیموكراتی؛ لە حزوری ئێوەدا بە ئیرادەی ئازادی خۆمان، چەكەكەمان لەناو دەبەین.

هیوادارین ئەم هەنگاوەمان ببێت بە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەكەمان بە تایبەتی بۆ ژنان و گەنجان و بۆ گەلانی توركیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و سەرجەم مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئازادی لەگەڵ خۆی بهێنێت.

پڕ بەدڵ هاوڕاین لەگەڵ بانگەوازییەكەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان كە دەڵێت: "بڕوام بە هێزی سیاسەت و ئاشتی كۆمەڵایەتی هەیە، نەك چەك. بانگەوازی لە ئێوەش دەكەم ئەم پرەنسیپە پەیڕەو بكەن" و مایەی شانازی و سەربەرزییەكی گەورەیە كە هەڵدەستین بە جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەم پرەنسیپە مێژووییە.

دەزانین كە تا ئێستا هیچ شتێك بە ئاسانی و بێ قوربانی و بەبێ تێكۆشان بەدینەهاتووە، بەپێچەوانەوە هەموو شتێك رۆژانە بە قوربانی گەورە و بە تێكۆشانی بێ وێنە بەدەستخراوە. هەڵبەت لە ئێستا بەدوایشەوە هەر بە تێكۆشانی سەخت و دژوار بەردەوام دەبێت. زۆر باش لەم ڕاستییە تێگەیشتووین و لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە و دەستكەوتی دیموكراتییانە لەناخی دڵمانەوە بڕوامان بە فیكر و پارادایمی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە و متمانەمان بە خۆمانە و هاوكات وەكو كۆمەڵەی هاوڕێیانیش متمانەمان بەهێزی هەرەوەزیمان هەیە.

لە ژینگەیەكی وەهادا كە گوشار و تاڵانكاری فاشیستی پەرەی سەندووە، ناوچەكەمان؛ ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە بە گۆمی خوێن و گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ژیانی ئاشتەوایی، ئازادی و یەكسانی و دیموكراتییە، گرنگی و ڕاست و پێویستی هەنووكەیی ئەم هەنگاوە مێژووییەمان دەبینین و هەستی پێدەكەین.

بەو هیوایەین كە هەموو لایەك لە؛ ژنان، گەنجان، كرێكار و رەنجدەران، هێزە سۆسیالیستی و دیموكراتەكان، واتا سەرجەم گەلان و مرۆڤایەتی؛ درك بە بەها و بایەخی ئەم هەنگاوە ئاشتی و دیموكراتیانەیەمان بكەن، تێیبگەن و ڕێزی بگرن.

هەر لەم سۆنگەیەوە بانگ لە سەرجەم هێزە هەرێمی و جیهانییەكان دەكەین كە بەرپرسن لە هەموو ئێش و ئازارەكانی گەلەكەمان، رێز لە مافە ڕەوا و نەتەوەیی و دیموكراتییەكانی گەلەكەمان بگرن و پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراتییانە بكەن.

بانگەوازی لە گەلان بەگشتی، وە بەتایبەتی ژنان و گەنجان، كرێكار و ڕەنجدەران، هێزە دیموكرات و سۆسیالیستییەكان، ڕۆشنبیر، نوسەر، ئەكادیمیست، مافناس، هونەرمەند و سیاسەتمەداران دەكەین بەشێوەیەكی ڕاست و درووست لەم هەنگاوە مێژووییەمان تێبگەن و لەپاڵ ئێمە و گەلەكەماندا بن. هەروەها داوادەكەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی و دیموكراتییانەی پرسی كورد چالاكانەتر تێبكۆشن و لە ئاستی جیهانیدا تێكۆشانی دیموكراتییانە، سۆسیال ئینتەرناسیۆنالی و پشتگیری و پشتیوانی بكەین.

بانگەوازیش لە گەلەكەمان و سەرجەم هێزە سیاسییەكانی دەكەین، بەشێوەیەكی ڕاست تێبگەن لە تایبەتمەندییەكانی ئەم قۆناخە مێژووییەی ئێستا و ئەم پرۆسەی 'ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك'یەیی كە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێكردووە، ئەركەكانیان لە هەموو بوارەكانی پەروەردەیی، ڕێكخستنی و چالاكییدا بەسەركەوتوویی جێبەجێ بكەن و پەرە بە ژیانی دیموكراتییانە بدەن.

ستەم و داگیركاری كۆتایی دێت و ئازادی و هاوخەباتی سەردەكەوێت.

پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیكی مسۆگەر سەردەكەوێت.

١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥

گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن