جۆزێف عەون، سەرۆككۆماری لوبنان
راچڵەكین -
سەرۆكی لوبنان بە فەرمی وەڵامی داواكاریی ئەمریكا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵا ئیسرائیل دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: ئەم پرسە لە سیاسەتی دەرەوەی لوبناندا لە ئارادا نییە، بەڵام خواستی ئاشتی و سەقامگیریمان هەیە.
جۆزێف عەون، سەرۆككۆماری لوبنان، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ شاندێكی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی عەرەبی و نێودەوڵەتی، رایگەیاند: ئاشتی بریتییە لە دۆخی ناشەڕ، ئەوەی بەلای ئێمەشەوە گرنگە، بوونی ئاشتییە، بەڵام ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، بەهیچ جۆرێك لە سیاسەتی ئێستای دەرەوەی لوبناندا بوونی نییە.
سەرۆكی لوبنان وتیشی:" پەرۆشی بەستنی پەیوەندییەكی باشین لەگەڵ سووریا، بە مەرجەی لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان بێت لە كاروباری ناوخۆیی یەكتر".
عەون جەختیشی لەوە كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر بڕیاری بوونی چەك لە دەست هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت، ناكەن، راشیگەیاند: بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنها لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندا دەبێت و هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت قبوڵ ناكەین.
لێدوانەكەی سەرۆكی لوبنان لەبارەی رەتكردنەوەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، وەك وەڵامێك دێت بۆ لێدوانێكی پێشووی تۆم باراك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سووریا، كە رایگەیاندبوو سووریا و لوبنان خوازیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندین لەگەڵ ئیسرائیل.