راچڵەكین-
وەزیری نەوتی عیراق خاڵی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد كە رێگرە لەبەردەم هەناردكردنەوەی نەوت ئاشكرا دەكات و دەڵێت:" عیراق رۆژانە بەهۆی هەرێمــی كوردستانــەوە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە پشكی ئۆپیك زیانی پێ دەگات."
ئەمڕۆ شەممە 12ی تەممووزی 2025 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمیی عیراق (واع) لەبارەی هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە ووتی: " بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، بڕی پاڵاوتن یان بەكارهێنانی ناوخۆیی بە 46 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا خەمڵێندراوە، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان داوا دەكات ئەو بڕە 65 هەزار بەرمیل بێت، ئەمەش پێشێلكاریی یاسای بودجەیە."
وتیشی:" بۆ خێراكردنی پرۆسەكە، یاسای بودجە هەموار كرایەوە و بڕیاردرا 16 دۆلار وەكو پێشەكی بۆ هەر بەرمیلێكی بەرهەمهێندراو بدرێتە هەرێمی كوردستان: "ئەم رێككەوتن و هەمواركردنەوەیە خرایە بەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستان و رەزامەندیی هەموو لایەنەكانی لەسەر بوو، چونكە لە پەرلەمان خرایەڕوو و هەموو ئەندامانی پەرلەمان رەزامەند بوون."
وەزیری نەوتی عیراق وتیشی، "یاسای بودجە، هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بە رادەستكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ، بە مەبەستی هەناردەكردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی عیراق-توركیاوە."
ئەوەشی روونكردەوە: "حكومەتی عیراق و توركیا ئامادەن، بەڵام چاوەڕێی رادەستكردنی نەوتەكەن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە."