ئیسرائیل رێگری لە پێدانی فڕۆكەیەكی پێشكەوتوو بە توركیا دەكات

جیهان

20 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 308

راچڵەكین -

بەرپرسێكی ئیسرائیل هۆشداریی لە هەوڵەكانی توركیا بۆ كڕینی فڕۆكەی (F-35) دەدات و رایدەگەیەنێت: ئەم هەنگاوە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەكەو رێگەی پێنادەین.

رۆژنامەی مەعاریف-ی ئیسرائیل لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە، حكومەتی تەلئەڤیڤ هەنگاوی پێویست دەگرێتەبەر لەپێناو پووچەڵكردنەوەی هەوڵەكانی توركیا بۆ كڕینی فڕۆكەی جۆری (F-35)ی ئەمریكی، راشیگەیاندووە ئەگەر توركیا ببێتە خاوەنی ئەم جۆرە فڕۆكە پێشكەوتووە، ئەگەری هەیە لەداهاتوودا دژ بە ئیسرائیل بەكاری بهێنێت و ئاسایشی ناوچەكە بخاتە بەردەم مەترسییەوە.

بەرپرسە باڵاكەی ئیسرائیل كە رۆژنامەی مەعاریف ناوی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە وڵاتەكەی پێشتر چەندین رێوشوێنی بۆ پووچەڵكردنەوەی پلانەكانی توركیا لە ناوخۆی سووریا گرتەبەر، ئەگەر پێویست بكات رێوشوێنی دیكەش لەدژی هەوڵ و پیلانەكانی ئەنكەرە دەگرێتەبەر.

هۆشدارییەكەی ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل هاوكاتە لەگەڵ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی توركیا بۆ بەدەستهێنانی فڕۆكەی (F-35) كە پێشكەوتووترین جۆری فڕۆكەی شەڕكەری ئەمریكایە و تائێستاش بەرپرسانی واشنتۆن رەزامەندییان لەسەر فرۆشتنی بە توركیا نەداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن