ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای پەروەردە هەموار دەكاتەوە

عێراق

19 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 215

راچڵەكین -

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر زیادكردنی بڕگەیەكی تایبەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای پەروەردە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، لەئەگەری پەسەندكردنیشی، یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە چەندین ئیمتیازی بۆ مامۆستایان تێدایە.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكرەوە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمان رەزامەندی دەربڕی بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای پەروەردە، بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.

پڕۆژەیاساكە بەناوی پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پەروەردە ژمارە (22)ی ساڵی 2011، لەمانگی نیسانی ئەمساڵ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، لە شەش بڕگەی سەرەكی پێكدێت، كە ئامانج لێی هاندانی مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردەیە.

گرنگترین ئەو بڕگانەی لە هەمواری یاساكەدا هاتووە، هەر مامۆستا و سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی و كارمەندێكی پەروەردە كە لە ناوچە دوورەدەستەكان دەوام دەكەن، ساڵێكی خزمەتیان بە دوو ساڵ بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی، بەو مەرجەی خزمەتیان لە سێ ساڵ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت.

لە بڕگەیەكی دیكەی هەموارەكەدا هاتووە، دەرماڵەی جێگیری مامۆستا و كارمەندانی پەروەردە بەڕێژەی 100% زیاد دەكرێت.

سەبارەت بە وانەبێژانیش، لە پڕۆژەیاساكەدا هەموو ئەو ساڵانەیان بە خزمەت بۆ ئەژمار دەكرێت كە وەك خۆبەخش لە خوێنگەكانی ناوچە دوورەدەستەكان وانەیان وتووەتەوە، خزمەتەكەش تەنها بۆ كاروباری خانەنشینی سوودی لێ وەردەگیرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن