سودانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەكات

عێراق

20 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 259

راچڵەكین -

محەمەد شیاع سودانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، پیرۆزبایی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەكات بەبۆنەی رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، راشیدەگەیەنێت: رێككەوتنەكە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ناوچەكە دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 12-7-2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ئەنجامدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جگە لە گفتوگۆكردن لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغدا و ئەنكەرە، سودانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان كرد بەبۆنەی بەستنی رێككەوتنی ئاشتی لەنێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان، جەختی لەوەشكردەوە رێككەوتنەكە بەشێوەیەكی ئەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر ناوچەكە دەبێت بە ئاڕاستەی سەقامگیری و بەرەوپێشچوونی رەوڕەوەی گەشەپێدان، بەشێوەیەك كە خێری بۆ گەلانی ناوچەكە هەبێت.

 لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سودانی و ئەردۆغان باسیان لە پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و گرنگیی كاركردن بۆ كۆتایی هێنان بە دوژمنكارییە بەردەوامەكانی سەر كەرتی غەززە و لوبنان كرد، جەختیشیان كردەوە لەسەر پێویستیی گەیاندنی هاوكاریی بەپەلە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی و كاركردن بۆ چارەسەركردنی پرسەكان لەچوارچێوەی گفتوگۆ و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن