راچڵەكین-
ئاژانسێكی ئێرانی وردەكاری برینداربوونی مەسعود پزیكشیان-ی سەرۆكی ئەو وڵاتەی ئاشكراكرد لەئاكامی ئەو هێرشە مووشەكییەی مانگی رابردوو ئیسرائیل كردیە سەر شوێنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
ئاژانسی فارس بڵاویكردووەتەوە، لەكاتی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 16ی مانگی رابردوو ئەنجامدراوەو سەرۆكانی هەرسێ دەسەڵاتەكەی ئێران و بەرپرسانی باڵا ئامادەی بوون، ئیسرائیل هێرشی كردووەتە سەر شوێنی كۆبوونەوەكە، لەئاكامدا مەسعود پزیشكیان قاچی بە سووكی برینداربووە.
وەك ئاژانسەكە دەڵێت، بەرپرسانی ئامادەبوو لەو كۆبوونەوەیە كە بەشێكیان برینداربوون، توانیویانە لەو دەرچەی لەناكاوەوە خۆیان دەرباز بكەن كە لەباڵخانەكەدا هەبووەو پێشتر بۆ رووداوی لەو شێوەیە ئامادەكراوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان بێت، ئیسرائیل بە شەش مووشەك ئەو باڵەخانەیەی كردووەتە ئامانج كە كۆبوونەوەكەی تێدا ئەنجامدراوە، بەهۆیەوە كارەبای شوێنەكە پچڕاوەو ژمارەیەك بەشداربووی كۆبوونەوەكە برینداربوون، بەڵام دواجار توانیویانە خۆیان رزگار بكەن و هەڵبێن.
ئاژانسی فارس ئاماژەی بەوەكردووە، وردبینی لە ئەنجامدانی ئەو هێرشەو لەكاتی كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ئێراندا، ئەگەری ئەوەی بەهێز كردووە كە پێدەچێت هەواڵدەرێك هەبووبێت و لەئێستادا لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەكە بێت، هێرشەكە بەجۆرێك پلانی بۆ داڕێژراوە تا هاوشێوەی ئەو هێرشە بێت كە بەهۆیەوە حەسەن نەسروڵای ئەمینداری پێشووی حیزبوڵای لوبنانی كوژرا.
پێشتر مەسعود پزیشكیان رایگەیاندبوو، ئیسرائیل لەهێرشەكانی مانگی رابردووی بۆ سەر ئێران هەوڵی كوشتنی داوە بەڵام سەركەوتوو نەبووە:" ئەمریكا لەو هەوڵی كوشتنەدا تێوەنەگلاوە، بەڵكو تەنها ئیسرائیل بووە، لە كۆبوونەوەدا بووم، هێرشیان كردە سەر شوێنی كۆبوونەوەكە."