لە كەركوك تۆڕێكی 18 كەسی دەستگیركران

کوردستان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 176

راچڵەكین-

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق، دەستگیركردنی ئەندامانی تۆڕێكی ساختەكاری لە كەرتی خانووبەرە راگەیاند كە لە 18 كەس پێكهاتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئابی 2025 دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئۆپراسیۆنێكدا توانراوە تۆڕێكی رێكخراو هەڵبوەشێنرێتەوە كە ساختەكارییان لە كەرتی خانووبەرەدا كردووە.

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەو ئۆپراسیۆنەدا 18 كەس دەستگیركراون كە كارمەندی حكومی، بانك و وەبەرهێنەرانیان تێدایە و بەرنامەیەكی حكومییان كردووەتە ئامانج كە تایبەت بووە بە دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق  روونیكردووەتەوە، تۆڕەكە دوو شێوازی بۆ گەندەڵییەكانی بەكارهێناوە، یەكەم: وەرگرتنی قەرزی وەهمی لەڕێی پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی ساختە، مامەڵەیان بەناوی هاووڵاتیانی بێئاگا كردووە و بەڵێنیان پێداون یەكەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكەن. هاوكات دەستبەسەر 30 مامەڵەی دیكەدا گیراوە كە ئامادەبوون بۆ خەرجكردن.

دووەم: هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر پارچە زەوییەكی حكومیدا بە رووبەری 57 هەزار و 500 مەتر دووجا، ئەمەش لە رێگەی بەكارهێنانی بەڵگەنامەی ناڕاست و ساختەوە بووە بۆ داگیركردنی موڵكی دەوڵەت.
 
بەپێی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی "ئۆپەراسیۆنەكە بووەتە هۆی رێگری لە بەهەدەردانی نزیكەی 8 ملیار دیناری عیراقی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن