وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم هۆشداریی دەدات

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 409

راچڵەكین -

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ناڕەزایی بەرامبەر بڕیارەكانی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال دەردەبڕێت و تۆمەتباری دەكات بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی  دیموگرافیای ناوچەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزدی.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-8-2025 بڵاویكردووەتەوە، داوای لە حكومەتی فیدراڵ كردووە، ئەو بڕیارانەی وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەكرێت، هاوكات پەلەش بكرێت لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی شەنگاڵ، و دیاریكردنی قائیمقامێكی نوێ، و دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.

دەقی راگەیەندراوەكە:

لە پێشهاتێكی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان، لیژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری كۆچ و كۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكانی پێكهاتەكانی مەسیحی و ئێزدی، كە خەڵكە ڕەسەنەكەی بە ناچاری لە كەمپەكان دەژین.

بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێكهاتەی مەسیحی و كوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوكاری ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە كەمپەكان گیرساونەتەوە و تاوەكو ئێستا ١٨ كەمپی تایبەت بە ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێكی ئارام دەكەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری پاڵپشتیكردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریكردن لە زەمینەخۆشكردن بۆ دۆخێكی سەقامگیر، وەزیری كۆچ و كۆچبەران و لیژنەی باڵای ئیغاسە كۆبوونەوە دەكەن بۆ ئەوەی ئاوارەكان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بكەن و بێ دیراسە و راوێژكردن لەگەڵیان ناچاریان دەكەن وەكو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.

ناچاركردنی ئاوارەكان بە تێكەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەكانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەكات كە دژی دەقەكانی دەستوور دەبێت و جۆرێكە لە جۆرەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەكانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماكانی ڕەفتاری نەتەوە یەكگرتووەكان دەربارەی كۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێكەوتننامەكانی ژنێڤ كە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و كەرامەتمەندانە دەكەن، نەك بە بڕیارە ئیدارییەكان یان بە خشتەی كاتی سەخت و ناواقیعی.

بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە، داوا دەكەین بەپەلە:

یەكەم: حكومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەكرێت.

دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كار بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

دووەم: داوا دەكەین پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی شەنگاڵ، و دیاریكردنی قائیمقامێكی نوێ، و دەستپێكردنی پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و ئاساییكردنەوەی بارودۆخ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە لە چارەسەری یاسایی كێشەكان كە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەكان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان  و پاراستنی موڵك و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەكردن لە گەڵ هۆكارەكان ناكرێت و ئەوەی لە كۆبوونەوەكە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەركردنی كێشەكان.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢١ی ئابی ٢٠٢٥

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن