راچڵەكین-
راوێژكارێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، حكومەت پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی كشاندووەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 ئیبراهیم دلێمی، راوێژكاری یاسایی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەدوایین كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، محەمەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوەكردووە، واشنتۆن جدییە لەهەڕەشەكانی لەبارەی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت ئەوا عیراق رووبەڕووی سزای قورسی ئەمریكا دەبێتەوە.
دلێمی، ئاماژەی بەوەشكردووە:" هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری كشاندنەوەی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی دراوە." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پەسندی كرد و ئەنجوومەنی نوێنەران، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە و تەنیا دەنگدانی ماوە.
حەشدی شەعبی دوای سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكان پێكهێندرا، بودجەكە بۆ ساڵی 2024 چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار بوو. بەگوێرەی خشتەكانی یاسای بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 كەسە.