عیراق و عومان چەندین رێككەوتننامە و یاداشتی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 208

راچڵەكین -

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق لەمیانی سەردانەكەی بۆ عومان، سەرپەرشتی واژۆكردنی دوو رێككەوتننامە و 24 یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتە كرد، كە چەندین بواری جیاجیا لەخۆدەگرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3-9-2025، لە سوڵتاننشینی عومان، بە سەرپەرشتی هەریەك لە محەمەد شیاع سودانی و شەهاب بن تارق ئال سەعید، جێگری سەرۆكوەزیرانی عومان، دوو رێككەوتننامە و 24 یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵات واژۆكرا.

رێككەوتنی یەكەم تایبەت بوو بە هەڵگرتنی فیزا لەنێوان عیراق و عومان، رێككەوتنی دووەمیش تایبەتە بە رێگریكردن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج، یاداشتەكانی لێكتێگەیشتنیش تایبەتن بە بوارەكانی یاسایی، پیشەسازی، بازرگانی، گەشتیاری، پەروەردە و خوێندنی باڵا، وەرزش، نیشتەجێكردن، پەیوەندیكردن، چاودێریی بانكی و سەقامگیری دارایی، وزە و هەناردەكردن و چەند بوارێكی تر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە عومان و لە شاری سەڵاڵە لەلایەن هەیسەم بن تارق ئال سەعید، سوڵتانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێكرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن