داوا دەكرێت 12 حزب لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دووربخرێنەوە

عێراق

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 220

راچڵەكین-

گردبوونەوەیەكی مەدەنی لەعیراق داوای دورخستنەوەی 12 حزب دەكات لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەهۆی ئەوەی" گروپی چەكداریان" هەیە.

دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، بە فەرمی سكاڵای گردبونەوەی سەربەخۆیی- یان وەرگرتووە( گردبوونەوەیەكی مەدەنی) بۆ رێگریكردن لەبەشداریكردنی 12 حزبە لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە پاساوی ئەوەی گروپی چەكداریان هەیە.

لەنێو ئەو حزبانەی گردبوونەوەی سەربەخۆی داوایكردووە رێگریان لێبكرێت لەبەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان ( عەسائبیی ئەهلی هەق، بابلیون، رێكخراوی بەدر، كەتایبی ئیمام عەلی، سەید ئەلشوهەدا‌)و چەند گروپێكی تر.

عەباس فەتلاوی، یەكێك لەو پارێزەرانەی سكاڵاكەیان بەرزكردوەتەوە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی عیراق رایگەیاندووە:" بە پشتبەستن بە مادەی 9ی دەستور و مادەكانی 8 و 47 لە یاسای 2015ی حزبە سیاسیەكان، لە 27ی ئاب سكاڵاكەمان تۆماركردوە و داوای دورخستنەوەی ئەو حزبانەمان كردووە لە هەڵبژاردنەكان، لە 2ی ئەیلول داوای فەرمانی سالاریمان كردوە بۆ راگرتنی ئەو حزبانە."

وتیشی:" كۆمسیۆن ئاگاداری كردووینەتەوە لە ماوەی (10) رۆژدا ئەنجامی سكاڵاكە رادەگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ رووینەداوە، بۆیە تەنها لەبەر ئەم هۆكارە روومان لە میدیا كردوە نەك لە پێناو نمایشی میدیایی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن