ناوەڕۆكی پەیوەندییەكەی سودانی و میری قەتەر ئاشكرا دەكرێت

عێراق

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 237

راچڵەكین -

محەمەد شیاع سودانی، لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ میری قەتەر، سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكەی ئیسرائیلی بۆسەر دەوحە كرد و رایگەیاند: هێرشەكە بەزاندنێكی زەقی سەروەریی خاكی ئەو وڵاتەیە و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی نێوان محەمەد شیاع سودانی و شێخ تەمیم بن حەمە، میری قەتەر، بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سەرۆكوەزیرانی عیراق بە میری قەتەری راگەیاندووە، حكومەت و گەلی عیراق سەركۆنەی هێرشە ناڕەواكەی قەوارەی زایۆنی دەكات كە دەوڵەتی قەتەری كردە ئامانج، ئەو هێرشە بەزاندنێكی زەقی سەروەریی ئەو وڵاتەیە، هاوكات سەرپێچییەكی روونی یاسای نێ,دەوڵەتی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكانە، هەروەها پەرەسەندنێكی مەترسیداریشە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ فراوانكردنی ناكۆكییەكانە لە ناوچەكەدا، بەشێوەیەك كە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەكات و دەبێتە هۆی لەقكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
  
سودانی هەماهەنگیی عیراقی لەگەڵ قەتەر و پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سەلامەتی گەلەكەی دووپاتكردەوە، جەختیشیكردەوە لەسەر گرتنەبەری هەڵوێستێكی بەرپرسیارانەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو هێرشە.

ئەمڕۆ سێشەممە 9-9-2025، سوپای ئیسرائیل هێرشێكی ئاسمانیی كردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و باڵەخانەیەكی بۆردومانكرد، كە ژمارەیەك سەركردەی حەماسی تێدا كرانە ئامانج.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن