راچڵەكین-
رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان لەنامەیەكدا بۆ هۆزەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات نوسیوویەتی:" یەكێتی و پشتیوانتان لەكورد لەسەر بنەمای سیستمی دیموكراتی واتایەكی گەورەی هەیە."
عەبدوڵا ئۆجەلان، لەناوەرۆكی نامەكەیدا بۆ هۆزەكانی جەزیرە، دیرزور، رەققەو تەبقە ئاماژەی بەوەكردووە:" پاڵپشتی و پشتیوانی برایەتی و هاوپەیمانێتی نێوان گەلی كورد و عەرەبم، كە بنەمایەكی مێژوویی هەیە."
رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەبەشێكی نامەكەیدا دەڵێت:" لە دڵی مێژوو و ڕابردووتاندا، لە نێوان هەردوو گەلانی كورد و عەرەب پەیوەندی هەیە. لە قوڵایی مێژوودا، دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلانی عەرەب و كورد هەمیشە لە پێشینە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەركەوتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی بە رابەرایەتی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، ڕێگەی بە زۆربەی كوردەكان دا بە ئاسانی بەشداری ناو ئاینی ئیسلام ببن. هۆكاری سەرەكی پەیوەندی پتەوی نێوان گەلانی كورد و عەرەبە. ئەم پەیوەندییە خوشك-برایەتییە لە نێوان ئەو دوو گەلەدا بۆ چەند سەدەیەك لە دوای ئیسلام بەردەوام بوو و گەشەی كرد."
"واتە ئەم رێككەوتنەی ئێوە ئەمڕۆ پێشەنگایەتی دەكەن، لە لایەكەوە مێژووییە و، لە لایەكی دیكەوە كۆمەڵایەتییە، هەروەها بنەمایەكی سیاسیشی هەیە. بۆیە ئەم هەڵوێست و یەكگرتنە لە سووریا گرنگییەكی گەورەی هەیە و من بایەخێكی زۆری پێ دەدەم. پشتگیریی برایەتی و هاوپەیمانێتی گەلی كورد و عەرەب دەكەم، چونكە بنەمایەكی مێژوویی هەیە." ئۆجەلان وا دەڵێت.
"لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە پەرەمان پێدا و رێنماییمان لەسەر بنەمای برایەتی گەلان و نەتەوەی دیموكراسی دەركرد. دەبێت هەمووان یەكسان و ئازاد بن و پێكەوە بژین و پێكەوە كاروباری خۆیان بەڕێوەببەن. یەكسانی و ئاسایش و دادپەروەری دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە دروست بكرێ؛ هەروەها دەبێت عەرەب و كورد پێكەوە بە ئاشتی بژین و ئەمەش پەیوەستە بە پشتیوانی ئێوە بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات. لەم رووەوە، پشتیوانی ئێوە بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات گرنگییەكی زۆر و واتایەكی گەورەی هەیە."
هێژایان..
دەتوانن رۆڵێكی گرنگ و مێژوویی بگێڕن لە بنیاتنانی سووریایەكی دیموكراسی، ئارام، یەكگرتوو و دادپەروەر. گرنگە بۆ عەرەب و كورد و سریان و ئاشوورییەكان و هەموو ئەوانەی لەم خاكە پیرۆزە دەژین، بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە هەنگاوبنێن. من بەم هیوایە و متمانەیە، بە تووندی لە باوەشتان دەگرم.
دووبارە سڵاو لە هەمووتان دەكەم بەوپەڕی ڕێزەوە.
هیوای تەندروستی و سەركەوتنتان لە ژیاندا بۆ دەخوازم.
بە سڵاوی دۆستایەتی و برایەتی.
28/7/2025
عەبدوڵا ئۆجەلان
زیندانی ئیمراڵی