هاتووچۆی هەولێر لەبارەی پشكنینی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی بڕیار دەدات

کوردستان

16 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 210

راچڵەكین -

هاتووچۆی هەولێر بڕیار دەدات بەجیاكردنەوەی پشكنینی ئۆتۆمبێلی بەكارنەهاتوو (ژمارە كاتی سفر كیلۆمەتر) ی هاووڵاتیان لە كۆمپانیاكان و چەند بنكەیەكی پشكنینیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكات.

بەگوێرەی ئاگادارییەك كە ئەمڕۆ یەكشەممە 14-9-2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای  هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان، بڕیارماندا بە جیاكردنەوەی پشكنینی ئۆتۆمبێلی بەكارنەهاتوو (ژمارە كاتی سفر كیلۆمەتر) ی هاووڵاتیان لە كۆمپانیاكان، بەم جۆرەی خوارەوە:

1- هەرسێ بنكەی پشكنینی (كەسنەزان ، 32ی پارك، گوێڕ) بەیانیان پشكنینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان جۆری (ژمارە كاتی سفر كیلۆمەتر) لێ ئەنجام دەدرێت، واتە ئۆتۆمبێلی سفر كیلۆ مەتری كۆمپانیاكان نابێ لە كاتی دەوامی بەیانیان سەردانی ئەم بنكانەی پشكنین بكەن، تایبەتە بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان.

2- بنكەی 32 ی پارك لە كاتژمێر (3 تا 6) دوای نیوەڕۆ تایبەتە بە پشكنینی ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی سفر كیلۆ مەتری كۆمپانیاكان و هاووڵاتیان، واتە هاووڵاتیان لەو كاتەی بۆ پشكنینی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكان دیاری كراوە، ئەوانیش دەتوانن دوای نیوەڕۆ ئۆتۆمبێلەكانیان ببەن بۆ پشكنین لە بنكەی پشكنینی 32 پارك تەنها ئەگەر ژمارەكاتی سفر كیلۆ مەتر بێت.

3- ئۆتۆمبێلی ژمارە كاتی بەكارهاتوو هەر وەك پێشوو لە بنكەی پشكنینی 32 پارك بەیانیان پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئۆتۆمبێلی ژمارە هەولێری تۆماركراو لە هەردوو بنكەی كەسنەزان و گوێڕ پشكنینی بۆ ئەنجام دەدرێت.

هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەم بڕیارە بەیانی ڕۆژی دووشەممە 15-9-2025، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن