ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی دیكەی غەززە لە دانیشتووانەكانی چۆڵدەكات

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین -

سوپای ئیسرائیل درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە كەرتی غەززە دەدات و داواش لە دانیشتووانی چەند ناوچەیەكی دیكە دەكات بەزووترین كات ناوچەكانیان جێبهێڵن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14-9-2025، ئەڤیخای ئەدروعی، وتەبێژی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانی سوپای بەرگریی ئیسرائیل، بڕیاری هێرشكردنی بۆسەر بەندەری غەززە و گەڕەكی ریمال داوەو لە نزیكترین كاتدا هێرشەكان دەستپێدەكات، بەو پێیەی باڵەخانەكانی ئەو ناوچانە بوونەتە مۆڵگەی تیرۆریستانی حەماس.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئامانجی هێرشەكەی بۆ كۆتایی هێنان بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی حەماس لەو ناوچانە گەڕاندووەتەوە، كە لەوێوە هێرشی چەكداری دەكەنە سەر سەربازانی ئیسرائیل، راشیگەیاندووە، ئەو كەسانەی تائێستا لەو ناوچانەدا ماونەتەوە، بەزووترین كات روو لە خان یونس بكەن، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی خۆیان و پاراستنی گیانیان لە هێرش و بۆردومانەكان.

ماوەی چەندین رۆژە سوپای ئیسرائیل بەچڕی باڵەخانەكانی كەرتی غەززە بۆردومان دەكات بەئامانجی ناچاركردنی دانیشتووانی باكوور و ناوەڕاستی كەرتەكە بۆ كۆچكردن بەرەو باشوور.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن