راچڵەكین-
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی، ئاشكرای دەكات، بە هاوكاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە پارێزگای سلێمانی، لەسعودیە دوو گەورە بازرگانی نێودەوڵەتی دەستگیركران.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلولی 2025 عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی رایگەیاند:"ئەو دوو كەسە خەڵكی پارێزگای سەلاحەدینن، پێكەوە خاوەنی كۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و نزیكەی شەش ساڵە خەریكی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن لە نێوان عێراق، سعودیە، توركیا و چەند وڵاتێكی كەنداو كە لە رێگەی پاسەكانی تایبەت بە حەج و عومرەوە مادەكانیان گواستووەتەوە بۆ سعودیە." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
وتیشی، ئەو بڕە كریستاڵە شلەی دەستی بەسەردا گیراوە لە نێو یەكێك لە پاسەكاندا بووە و بەهاكەی بە ملیۆنێك و 270 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
هاوكات عەباس بەهادلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند:" بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ و دوای هاوكاری و هەوڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە پارێزگای سلێمانی، توانرا دوو گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە شاری مەدینەی سعودیە دەستگیر بكرێن."
وتیشی: "دوای هەماهەنگی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری سعودیە، توانرا دەست بەسەر 142 كیلۆگرام مادەی كریستاڵی شل لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەكاندا بگیرێ."
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ سلێمانی دەڵێت: "لە وڵاتی سعودیەوە داوایان كرد نوێنەرێك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكانی سەر بە دەزگاكەمان بچێتە ئەو وڵاتە، بۆ هاوكاریكردنیان لە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە و دۆسیەكانی دیكەی پەیوەست بەو بازرگانییانە."