راچڵەکین-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وردەکاری دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر
لە وڵاتی سعودییە بڵاودەکاتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی
بەوەکردووە: ئەو دوو بازرگانە ماوەی شەش ساڵە لە رێگەی کۆمپانیای حەج و عومرەوە کە
خۆیان خاوەندارێتی دەکەن، کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایش:
دوای بەدواداچوونی
ورد و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی
دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی
عێراق و ووڵاتی سعودیە، لەسەر دوو گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر، کە خەڵکی پارێزگای
(صلاح الدين )و خاوەنی کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرەن و ماوەی ٦ ساڵە کاری بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کردووە لەنێوان
عێراق و سعودیە و تورکیا و چەند ووڵاتێکی
کەنداو. بازرگانان لەڕێگەی پاسەکانەوە ماددەکانیان بەشێوازێکی شاراوە و بەتەکنیکی
جۆراوجۆر گواستۆتەوە.
ئەم چالاکییە
بەهاوکاری و زانیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی
هەرێم و بەهەماهەنگی باڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر
لەووڵاتی سعودیە لەشاری (مەدینە) ئەنجامدرا، توانرا دوو گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر
دەستگیربکرێن و دەستبەسەر بڕی ( ١٤٢ )کیلۆگرام ماددەی ( کریستاڵی شل ) بگیرێت.
دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ماددە هۆشبەرەکان
لەدەروازەی سنوری (عەر عەر) گەیەنراوەتە ناو خاکی ووڵاتی سعودیە.