راچڵەكین-
رێبەری رەوتی سەدر داوای قەدەغەكردنی هەموو جۆرە دیاردەو خۆدەرخستنێكی چەكداری لە ئەندامان و تەنانەت سەرایا سەلام-ی سەر بەرەوتەكە كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلولی 2025 موقتەدا سەدر، لەپەیامێكدا كەبەدسخەتی خۆی نووسراوەو بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە:" هەموو جۆرە دیاردەو نمایشێكی چەكداری قەدەغە تەنانەت لە سەریا سەلام-یش تەنها لە ناوچەكانی بەریەككەوتن لەگەڵ تیرۆردا نەبێت، بۆ ئەوەی هیچ هەلێك نەدرێت گەندەڵكاران و ئاژاوەگێڕان كە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەن."
سەدر لە پەیامەكەیدا دەڵێت، رێنماییەكە تەنانەت قەدەغەكردنی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەش دەگرێتەوە و نابێت ئەنجامبدرێن.
موقتەدا سەدر دەڵێت:" ئەوەی دەیەوێت وەڵامی گەندەڵكاران بداتەوە دەتوانێت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنێت." لەهەمان كاتدا هۆشداری بەلایەنگرانی دەدات كە لەئێستادا وەڵامی ئەوانە نەدەنەوە كە قسەی نەشیاوی بەرامبەر دەكەن.
موقتەدا سەدر لەكۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، هەر سەرپێچیكردنێكی پەیامەكەی لەلایەن ئەندامانی رەوتی سەدر و سەرایا سەلام دەرگا لەبەردەم سزادانیان دەكاتەوە " پابەندبن و مەچنە ریزی سەرپێچیكارانەوە."