دەیان كەس بەتۆمەتی فرۆشتنی كارتی دەنگدان دەستگیر دەكرێن

عێراق

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 199

راچڵەكین -

هێزە ئەمنییەكانی لەچەند هەڵمەتێكدا لە سێ پارێزگای عیراق، دەیان كەسیان بە تۆمەتی مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدان، دەستگیركرد و زیاتر لە هەزار و 800 كارتی دەنگدانیش دەستیان بەسەردا گیرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، كە ئەمڕۆ شەممە 4-10-2025 بڵاوكراوەتەوە، لەچوارچێوەی هەڵمەتەكانی تایبەت بە بنبڕكردنی دیاردەی كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان، كە لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، دیاردەكە رووی لە پەرەسەندن كردووە، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە پارێزگاكانی بەغدا، ئەنبار و نەینەوا، 46 كەسیان بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی كارتی دەنگدان، دەستگیركرد.

وەك لە راگەیەندراوكەدا هاتووە، جگە لە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە، هەزار و 841 كارتی دەنگدانیش دەستیان بەسەردا گیراوە، كە هاووڵاتیان لەبەرامبەر بڕێك پارە، بە تۆمەتبارەكانیان فرۆشتووە.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاشكرایكردووە، تۆمەتبارەكان كە بەپشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی دەستگیركراون، سەرجەمیان رادەستی دادگا كران بەمەبەستی گرتنبەری رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریان. 

هەڵمەتەكەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق لەكاتێكدایە میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە، چەندین لایەنی سیاسی و كەسایەتی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕە پارەیەكی زۆریان تەرخانكردووە بۆ كڕینی كارتی دەنگدانی هاووڵاتیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن