راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی شنگال راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: هەندێ هێز و كەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان كە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێكەوتن و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەكی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9-10-2025، وەزارەتی ناوخۆ راگەیەندراوێكی بەبۆنەی تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر واژووكردنی رێككەوتنی شنگال بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، "پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووكردنی ڕێكەوتنی شنگال و هیچ كام لە تەوەرەكانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەكراون. ئەو ڕێكەوتنە نەخشە ڕێگای ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینكردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئاوارەكان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. بۆیە جێبەجێكردنی كرایە بەشێك لە ڕێكەوتنی سیاسی لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی ئێستا و بەرنامەی كاری وزاری حكومەتی فیدراڵ.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەكانی رێكەوتنەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام هەندێ هێز و كەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان كە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێكەوتن و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەكی بەردەم جێبەجێكردنن. ئەمەش بۆتە هۆكاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەكان و بێئومێدی و كۆچكردنی ژمارەیەكی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەكردووەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە ئامادەیە ئەركی سەرشانی جێبەجێ بكات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشك و برایانی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیكەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان. بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەكانی ئاوارەكان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشكرا ڕێگرن لە جێبەجێكردنی رێكەوتنی شنگال.