راچڵەكین -
حەشدی شەعبی دەستگیركردنی یەكێك لە سەركردە باڵاكای حزبی بەعسی هەڵوەشاوە رادەگەیەنێت، داواش لە زیانلێكەوتووان و قوربانیانی دەستی بەعس دەكات، سكاڵا لەسەر سەركردە دەستگیركراوەكە تۆمار بكەن.
دەستەی حەشدی سەعبی لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە 11-10-2025 بڵاویكردەوە، ئاشكرایكردووە هێزەكانیان بە راسپاردەی راستەوخۆی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، توانییان لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا، سەركردەیەكی پێشووی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە بەناوی عەبدولكەریم حسج عودە، دەستگیر بكەن.
حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەكردووە، دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی حزبی بەعس دوای بەدواداچوونێكی وردی هەواڵگریی هات كە ماوەی چەند هەفتەیەكی خایاند و سەرەنجام توانرا لەسنووری پارێزگای بەسڕە لە باشووری عیراق دەستگیر بكرێت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستگیركراوەكە لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە، دەستی هەبووە لە چەندین تاوانی دژ بە هاووڵاتیان، لەوانەش رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە داپڵۆسینی راپەڕینی شەعبانی كە ساڵی 1991 لە باشووری عیراق بەرپابوو، هەروەها تۆمەتباریشە بە كوشتنی دەیان كەس.
دەستەی حەشدی شەعبی داواشی لە قوربانیان و زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی بەعس كردووە، لە دادگا سكاڵای یاسایی لەدژی ئەو سەركردە دەستگیركراوەی بەعسی هەڵوەشاوە تۆمار بكەن، بۆئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.