راچڵەكین -
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئامارێكی بە ژمارەی ئەو كاندیدانە بڵاوكردەوە كە بەهۆكاری جیاجیا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخراوەتەوە، لەوانەش پێنج كاندید بەهۆی كۆچی دواییانەوە ناویان لە لیستی كاندیدان سڕاوەتەوە.
بەگوێریە ئامارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، كۆی ئەو كاندیدانەی لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمان دوورخراونەتەوە، ژمارەیان 837 كاندیدە، هۆكاری دووخستنەوەشیان جیاوازە، لەوانە 293 كاندید بەهۆی یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەریی دوورخراونەتەوە، 183 كاندیدیش لەلایەن لیست و هاوپەیمانییەكانەوە ناویان لە لیستەكەدا دەرهێنراوەو كەسانی دیكە لە شوێنیان كاندید كراون، هاوكات 90 كاندیدیش بە تۆمەتی بوونی سكاڵای یاسایی و دەرچوونی حوكمی دادگا لەدژیان، لە كاندیدبوون بێبەش كراون.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، ئاشكراشیكردووە، پێنج كاندید بەهۆی كۆچی دواییانەوە، ناویان لە لیستەكان سڕدراوەتەوەو كەسانی دیكە لەشوێنیان كاندیدكراون، 11 كاندیدیش بەهۆی ساختەبوونی بڕوانامەكانیان، بڕیاری دووخستنەوەیان لەكێبڕكێی هەڵبژاردن دراوە.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، پۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.