راچڵەكین-
بەرپرسی فۆرمەكانی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی ئاشكرای دەكات، رەزامەندیی پێدانی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیاتر لە شەش هەزار پێشمەرگەی یەكەكانی 70 و 80 گەڕایەوە.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێكخستنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە"بەشێكی دیكەی رەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران گەڕایەوە كە هەمووی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگەن."
سەبارەت بە وردەكاریی لیستی ناوەكان، وتی: "لیستەكە ناوی زیاتر لە شەش هەزار و 300 پێشمەرگەی یەكەكانی 70 و 80ی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت."
سەربەست مەولوود، جەختی كردەوە: "ئەو ناوانەی كە بە لیست هاتوونەتەوە نووسراویان بۆ دەكرێت، رەزامەندییەكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری و بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان رەوانە دەكەین، بۆ تەرخانكردنی زەوی بۆیان".
بەرپرسەكەی وەزارەتی شارەوانی ئاشكراشی كرد: "لیستێكی دیكە كە زیاتر لە شەش هەزار ناوە، لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەوانیش (موتەفەریقەن) واتا ناوی فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەكانن و بەمنزیكانه لە ئەنجوومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە".
بەرپرسەكەی تیمی وردبینی و ڕێكخستنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی، دەشڵێت: "لە قۆناغی كۆتایی وردبینی و ناردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەرانداین و نزیكەی 480 هەزار ڕەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و كارمەندانی ناوخۆ گەڕاوەتەوە".