راچڵەكین-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی بەخانەوادەی ئەو گەنجانە دەدات كە لە لیبیا گیریانخواردووەو رایدەگەیەنێت، تیمێك راسپێردراون بۆ هێنانەوەیان.
ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی تشرینی یەكەمی 2025 وەزارەتی ناوخۆ بڵاویكردووەتەوە:" هەر لەسەرەتای باروودۆخەكەوە تیمێكی تایبەت لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارەكانی ڕزگاركردنیان لە وڵاتی لیبیا و گەیاندنەوەیان بەسەلامەتی بۆ هەرێمی كوردستان."
ئەوەش روونكراوەتەوە، خانەوادەی ئەو گەنجانە دڵنیا دەكەنەوە لەماوەی هەفتەیەكدا، ڕێكارە پێویستەكان تەواودەبن و ئەو گەنجانە دەگەنەوە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لەدەزگاكانی راگەیاندن دەكات:" نەبنە هۆكاری برینداركردنی هەستی خانەوادەی ئەو هاوڵاتیانەو هەواڵی بێ بنەماو دوور لە ڕاستی بڵاونەكەنەوە."