ئەمریكا كۆچبەران رەوانەی وڵاتێكی تر دەكات

جیهان

15 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 255

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا رێككەوتن لەگەڵ وڵاتێكی ناوەڕاستی كیشوەری ئەمریكا دەكات بۆ گواستنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسەكانیان نەدراوە.

حكومەتی بیلیز، كە وڵاتێكی بچووكی ئەمریكای ناوەڕاستە، بڵاویكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا رێككەوتنێكی لەگەڵ كردووە بۆ گواستنەوەی ئەو كۆچبەرانەی كە تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسەكانیان نەدراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی بیلیز، رێككەوتنەكەیان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا، رێگە بە واشنتۆن دەكات بەشێك لەو كۆچبەرانەی كە روویان لە ئەمریكا كردووە و تائێستا برشیاری كۆتایی لەبارەی كەیستەكانیان نەدراوە، بگوازێتەوە بۆ خاكی بیلیز و لەو كەمپانە نیشتەجێیان بكات كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت.

رێككەوتنەكە پێویستی بە پەسەندكردنی هەیە لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی بیلیز، كە بۆ ماوەی دوو ساڵ كاری پێدەكرێت. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویكردەوە، رێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگە بە ئامانجی بەرگرتن لە شەپۆلی كۆچی نایاسایی كە لە سنوورەكانی باشوورەوە روو لە وڵات دەكات.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ئەمریكا لەچوارچێوەی سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ كۆتایی هێنان بە دیاردەی هاتنی بەلێشاوی كۆچی نایاسایی، كە لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی رایگەیاندبوو، چیتر رێگە بە كۆچبەری نایاسایی لە ئەمریكا نادات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن