‎ ساركۆزی خرایە زیندانەوە

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1336

راچڵەكین-

لەهەنگاوێكی بێ وێنە لە مێژووی فەڕەنسادا، نیكۆڵا ساركۆزی- سەرۆكی پێشووتری فەڕەنسا خرایە زیندانەوە، دوای تاوانباركردنی بە دۆسێی " پارەداركردنی هەڵمەتی بانگەشەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فەڕەنسا، لەساڵی 2007 لەلایەن موعەممەر قەزافی- سەرۆكی رژێمی پێشووتری لیبیا.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەكەمی 2025 ساركۆزی تەمەن 70 ساڵ، بردرا بۆ زیندانێكی  تاكە كەسی لە گرتووخانەی لاسانتی، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش و نهێنی شوێنی بەسەربردنی سزاكەی وەك رۆژنامەی " لۆ باریزیان"ی فەڕەنسی بڵاویكردووەتەوە.

ساركۆزی بەر لەجێهێشتنی ماڵەكەی، لەتێچەنێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، پێداگری كردووە لە بێ تاوانبوونی و وێڕای سەركۆنەكردنی بڕیاری زیندانیكردنی لەهەمان كاتدا بە" ئابڕوچونێكی دادوەری" ناوی بردووە كەماوەی زیاتر لە دەیەیەكە وەك مۆتەكە بەدواوەیەتی.

پێشتریش ساركۆزی بە رۆژنامەی لۆڤیگارۆ-ی راگەیاندبوو، بەسەربەرزییەوە رووبەڕووی زیندانیكردن دەبێتەوەو لەگەڵ خۆیدا دوو  پەرتووك دەبات ( ژیاننامەی مەسیح و رۆمانی ئیلكۆنت دی مۆنت كریستۆ) كە گوزارشت لەكەسێكی بێ تاوان دەكات، بەڵام ستەمی لێكراوە و بەتاوانبار ناسێنراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن