راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەستگیركردنی پێنج تۆمەتباری راگەیاند كە لە رووداوی تیرۆركردنی سەفا مەشهەدانی كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تێوەگلاون.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ سێشەممە 21-10-2025، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزێكی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی، توانییان پێنج كەس دەستگیربكەن كە تۆمەتبارن بە كوشتنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و كاندید بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومی نوێنەرانی عیراق.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماژەی بەوەكردووە، دەستیركردنی ئەو پێنج تۆمەتبارە بە فەرمانی دادوەر بووە، كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركرابوو، لێكۆڵینەوەش لەبارەی رووداوەكە بەردەوامە.
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 15-10-2025، سەفا ئەلمەشهەدانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدی لیستی هاوپەیمانیی سەروەریی بۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەران، كە لەلایەن خەمیس خەنجەر-ەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەناوچەی تارمییەی باكووری بەغدا، بۆمبێكی لكێندراو بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقییەوەو بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
كەسوكاری كوژراوەكە، رووداوەكەیان بە كردەوەی تیرۆریستی وەسفكرد، هاوكات محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراقیش فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەكە دەركرد.