راچڵەکین-
بزووتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوەکردەوە، لە هەرێمی
کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکە دەکەن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
هاوڵاتیانی بەڕێز..
هاونیشتمانیانی
کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان..
هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی
گۆڕان..
رۆژی دووشەممە
(٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان
لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
بە پشت بەستن بە
ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات
ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر
ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر
پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی
و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو کاندیدە
کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان
خەباتی پەرلەمانی دەکەن.
ئێمە لە بزوتنەوەی
گۆڕان بڕوای نەگۆڕمان بە ھەڵبژاردنە دیموکراتییەکان هەیە، چونکە ھەڵبژاردن بنەمای
دامەزراندنی دامەزراوەکان و سیستەمی دیموکراتییە لە هەر وڵاتێک، بەڵام بەهۆی چەند
هۆکار و دۆخێکی سیاسی و یاسایی و واقعى، زەمینە و ژینگەیەکی لەبار نەڕەخساوە، کە ھەڵبژاردنێکی
ڕوون و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئیرادەی دەنگدەران بپارێزێت، لەبەر ئەم واقعە و
بە ڕەچاوکردنی ئەم هۆکارانە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین:
یەکەم:
هەڵبژاردنەکە ڕەنگدانەوەی
خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان،
ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی
دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی
عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی دەنگدەرە.
دووەم:
لە ئەزمونی (٢٢)
ساڵەی حوکمڕانی عێراقدا، بەردەوام مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت
مافی خاک و ناوچە دابڕاوەکان، نەوت و گاز، بودجە و شایستە داراییەکان زیاتر پێشێل
کراون و خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی
کوردستان، ئەمەش قۆناغ بە قۆناغ بەهێزبونەوەی دەسەڵاتی مەرکەز و پاشەکشێی حوکمە فیدڕاڵیەکانی
لێکەوتووەتەوە، کە بێگومان ئەم سیاسەتە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە.
سێیەم:
هەروەکچۆن ئەنجامنەدانی
هەڵبژاردن مانای لەدەستدانی ڕەوایەتی یاسایی و دەستوری دەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی
پڕ لە ساختەکاری و دیزاینکراویش مانای بەدەستهێنانەوەی ڕەوایەتی سیاسیی ناگەیەنێت،
کە بەداخەوە ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بووەتە مۆتەکەی هەڵبژاردن
و یاریکردن بە ئیرادەی هاوڵاتیان.
چوارەم:
لە ڕابردودا، نوێنەرانی
کورد لە جومگەکانی حوکمڕانی بەغدا، نوێنەرایەتی خواستی حزبی و کەسیی خۆیان کردوە،
ئاواتەکانی خۆیان هێناوەتەدی و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکیان بێ وەڵام هێشتووەتەوە.
بەتایبەتیش لە پرسی چاودێریکردنی حکومەتی ئیتحادی و پێشێلکردنی مافە دەستوری و
داراییەکانی هەرێم و موچە و قوتی فەرمانبەران.
لەبەر ئەو هۆکارانەی
ئاماژەمان پێدا، داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری
هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی
متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە.
بەدیوێکی دیکەدا،
بۆئەوەیە چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی
زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی
کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکەین،
پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین، لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.
بزوتنەوەی گۆڕان
٣ی ١١ی ٢٠٢٥