سووریا لەسەر دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە دیمەشق دێتەدەنگ

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 924

راچڵەكین -

وەزارەتی دەرەوەی سووریا روونكردنەوە لەبارەی ئەو زانیارییانە دەدات كە باس لە ئامادەكاریی ئەمریكا دەكات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی لە نزیك دیمەشق و رایدەگەیەنێت: ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و هیچ هەوڵێكیش بەو ئاڕاستەیە نییە.

ئاژانسی هەواڵەكانی سووریا لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاویكردەوە، ئەو زانیاریانەی باس لە ئامادەكارییەكانی ئەمریكا بۆ كردنەوەی بنكەیەكی سەربازیی لە دیمەشق-ی پایتەخت دەكات، زانیاری ناڕاست و دەنگۆی بێ بنەمان.

بەوتەی سەرچاوەكە، ئەمریكا هەڵوێستی بەرامبەر سووریا گۆڕاوەو دەیەوێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بكات و پاڵپشتی لە هەوڵەكانیش دەكات بۆ یەكسختنەوەی وڵات و رەتكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دابەشكاریی.

پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردبووەوە، ئەمریكا ئامادەكاریی دەكات بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی ئاسمانی لە دیمەشق-ی پایتەختی سووریا و گوشارەكانیشی چڕكردووەتەوە بۆ سەرخستنی رێككەوتنی ئەمنی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل.

ئاژانسەكە ئاشكرایكردووە، ئامانج لە دامزراندنی بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی نێوان دیمەشق و تەلئەڤیڤ-ە، كە بڕگەیەكی رێككەوتنەكە تایبەتە بە دیاریكردنی ناوچەیەكی لەچەك داماڵدراو لە باشووری سووریا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن