پورتوگال پێش مۆندیال هەنگاو دەنێت بۆ ڕزگارکردنی ڕۆناڵدۆ

وەرزش

15/11/2025     ژمارەی بینراو 217

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

پورتوگال دەستیکردووە بە هەنگاونان بۆ ڕزگارکردنی ئەفسانە و ئەستێرەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەو کابوسەی کە بڕیارە لە یاریی یەکەمی خۆیدا لە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەشداری نەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە لە گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە یارییەکەی پورتوگال بەرامبەر کۆماری ئێرلەندا بە ئەنجامی 2-0 دۆڕان، ڕۆناڵدۆ کارتی سووری ڕاستەوخۆی پێدرا و چووە دەرەوەی یاریگا.

ڕۆژنامەی (A Bola)ی پورتوگالی بڵاویکردەوە، پێدرۆ پرۆینسا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی پورتوگال لە نزیکەوە چاودێری لەو ڕێکارانە دەکات کە لیژنەی دیسپلینی فیفا پەیڕەوی لێدەکرێت بەمەبەستی سزادانی ڕۆناڵدۆ.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕیارە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم یان درەنگترین کات سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ڕۆناڵدۆ بدرێت.

تا ئەو کاتە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی پورتوگال دۆسیەیەکی تەواو پێشکەش دەکات بۆ بەرگریکردن لە "موشەکی مادێرا"، بەو هیوایەی سووکترین سزای بدرێت ئەویش سڕکردنە بۆ یەک یاری.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی پورتوگال دۆسیەکەی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی دادەنێت. یەکەم: ئەو ژینگە دوژمنکارانەی کە لە دەوری ئەستێرە پورتوگالییەکە پێش یارییەکە دروستبوو، بە هاوکاری خودی ڕاهێنەری کۆماری ئێرلەندا، کە ڕۆناڵدۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کاریگەری لەسەر ناوبژیوان هەبووە لە یارییەکەی پێشووی پاڵاوتنەکاندا، کە پورتوگال بە ئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

دووەم: فیدراسیۆن باس لەوە دەکات کە ڕۆناڵدۆ لە کاتی ئەو ڕووداوەدا کە بووە هۆی دوورخستنەوەی بە ڕوونی ڕاکێشرا و بووە هۆی ئەوەی هێرش بکاتە سەر بەرگریکاری کۆماری ئێرلەندا.

لە کۆتاییدا فیدراسیۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە یەکەم کارتی سووری ڕۆناڵدۆ بوو بۆ هەڵبژاردەی پورتوگال، لە 226مەین یاریدا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی.

 

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن