راچڵەكین -
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێكی ئەمریكای لەبارەی ئاشتی لە كەرتی غەززە پەسەندكرد و رەزامەندییان دا لەسەر جێگیركردنی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری چەكداماڵێن لە كەرتەكە.
پڕۆژەبڕیارەكەی ئەمریكا كە لەسەر بنەمای پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە داڕێژراوە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندكرا و رووسیا و چین-یش دەنگیان پێنەدا، لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە، كە بریتین لە:
پەسەندكردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس كە لە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ واژۆكرا.
پێكهێنانی هێزێكی سەقامگیریی نێودەوڵەتی كە بە هاوكاری لەگەڵ ئیسرائیل و میسر و پۆلیسی فەلەستین، بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەكان و داماڵینی چەك لە كەرتی غەززە.
هێزە نێودەوڵەتییەكە، جگە لە داماڵینی چەكی گروپە چەكدارە نافەرمییەكان، ئەركی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و كردنەوەی رێڕەویی مرۆییش دەگرێتەئەستۆ.
پێكهێنانی ئەنجومەنێكی ئاشتی، كە دەستەیەكی حوكمڕانی كاتی دەبێت لەكەرتی غەززە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەركەكەشی تا كۆتایی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت.
پڕۆژەبڕیارەكە باسی لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین كردووە لە داهاتوودا.
راستەوخۆ دوای ئەنجامدای چاكسازییە پێویستەكان لەلایەن دەسەڵاتدارییەتی فەلەستینەوە، دەستدەكرێت بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كەرتی غەززە، ئەمەش وادەكات دۆخەكە لەبار بێت بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن فەلەستینییەكان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
راستەوخۆ دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكەی ئەمریكا لەلایەن ئەنجومەن ئاسایشەوە، بزوتنەوەی حەماس ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بڕگەكانی پڕۆژەبڕیارەكە دەربڕی و رەتیكردەوە پابەندی بێت، هاوكات حكومەتی ئیسرائیلیش رەتیكردەوە رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بدات.