راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئاشكرایدەكات ئەو هێرشانەی كە لەمانگەكانی حوزەیران و تەموزی ئەمساڵ كرانە سەر كێڵگە نەوتییەكان و دامەزراوە نەوتییەكانی هەرێم، دەركەوت كە رێڕەوی هەڵدانی درۆنەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، كە هاوسنووری هەرێمی كوردستانە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی سەرەڕای دەستنیشانكردنی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەكان، هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەبەر.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات حكومەتی فیدراڵ، ئەركە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەكانی خۆی جێبەجێ بكات و ڕێكاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەكانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك سەبارەت بە هێرشەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان
لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، كێڵگە نەوتییەكان و دامەزراوە نەوتییەكان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی كوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانكردنی ئەنجامدەرەكان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆكی حكومەتی فیدراڵ بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی دەركرد، بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەكانی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان.
لیژنە هاوبەشەكە دەستی بە كارەكانی كرد و لە 28ی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی كوردستان كرد و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی مەیدانیان كرد و پشكنینی تەكنیكیان بۆ شوێنە پەلاماردراوەكان كرد بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشكنینی تەكنیكی پاشماوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كە لەم هێرشانەدا بەكارهێنراون، دەركەوت كە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، كە هاوسنووری هەرێمی كوردستانە.
هەروەها دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی هەرێم دانپێدانانی یاسایی بەڵگەداری ئەو كەسانەیان خستەڕوو كە ئاشكرا دەبێ سەر بە كام رێكخستنن.
لەگەڵ تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان، لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوە، كە بە بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ پێكهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆبووەوە و ڕاپۆرتی كۆتایی خۆی داڕشت، كە ڕادەستی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ كرا بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر لایەن و كەسانی تێوەگلاو لە هێرشەكان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشكەشكردنی ڕاپۆرتەكەدا، حكومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێكی یاسایی و ئەمنی بەرامبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەتەبەر.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبكەینەوە كە لە ڕاپۆرتی كۆتاییدا، كە ئێستا لە بەردەستی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەكان، دەستنیشان دەكات، كە لە ڕێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەكە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێكردنی ڕاپۆرتەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ كام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەكراون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات حكومەتی فیدراڵ، ئەركە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەكانی خۆی جێبەجێ بكات و ڕێكاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە كردەوە و دەستدرێژییانە، كە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی دەكەن، دووبارە نابنەوە.
هەرێمی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو كەسانەی تێوەگلاون، پێشێلكردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم كەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێكخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە كردەوەكانیان.
هێرشەكەی دوێنێ شەو بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەكانی پێشوو. بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەكانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2025/11/27