وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
پێشڕەوییەكانی سوپای رووسیا بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی رووبەری زیاتری خاكی ئۆكراینا، خێراتر بووە و هێزەكانی ئەو وڵاتە توانیوانە دوو شاری دیكە لە كۆماری دۆنێستك و هەرێمی خاركۆڤ كۆنترۆڵ بكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 2-12-2025، میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، دەستەی ئەركانی سوپای رووسیا لە راپۆرتێكدا كە بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتەی بەرزكردووەتەوە، كۆنترۆڵكردنی هەردوو شاری كراسنۆئارمیسك لە كۆماری دۆنێتسك و ڤولشانسك لە هەرێمی خاركۆڤ-ی راگەیاندووە.
ماوەی مانگێكە هێرشەكانی سوپای رووسیا لەسەرجەم بەرەكانی جەنگدا بەشێوەیەكی بەرچاو خێراتر بووە، سوپای ئەو وڵاتەش ئاشكرایكردووە هێزەكای ئۆكراینا توانای بەرگرییان نەماوەو لەهەموو ئەو ناوچانە دەكشێنەوە كە هێرشیان دەكرێتەسەر، لەناوەڕاستی ئەم مانگە سوپای رووسیا شاری كۆبیانسك-ی لە هەرێمی خاركۆڤ-ی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا و شەش شارۆچكەی دیكەی لە كۆماری دۆنێتسك و هەردوو هەرێمی خاركۆڤ و دنیبرۆڤیسك كۆنترۆڵ كرد.
پەرەسەندنەكانی بەرەگانی جەنگ لەنێوان رووسیا و ئۆكراینا، هاوكاتە لەگەڵ گوشارەكانی ئەمریكا بۆسەر كیێڤ بەمەبەستی پەسەندكردنی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ و رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ مۆسكۆ، تائێستاش دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا رەزامەندیی كۆتاییان لەسەر پلانەكە نەداوە و رایانگەیاندووە كە پلانەكە زیاتر لە بەرژەوەندیی رووسیایە، داواش دەكەن دەستكاریی بڕگەكانی پلانەكە بكرێت.