قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێك لەبارەی چەمچەماڵ دەدات

کوردستان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 637

راچڵەكین -

قوباد تاڵەبانی لەمیانی سەردانەكەی بۆ چەمچەماڵ، چەند بڕیارێك بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووانی لافاوەكە و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونی رووداوی هاوشێوە دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی چەمچەماڵی كرد و ئەو خێزانانەی بەسەركردەوە كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: قەبارەی وێرانكاری و زیانەكانی لافاوەكەی رۆژی ڕابردوو دڵتەزێنە، لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی لەو خێزانانە دەكەم كە ئازیزانیان لەدەستداوەو پشتیوانی تەواوی ئەو ئازیزانەش دەبم كە بەهۆی ئەم كارەساتەوە زیانیان بەركەوتووە.

جێگری سەرۆكی حكومەت وتیشی:" بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكەوتووان و دڵنیابوونەوە لە دووبارەنەبوونی رووداوی هاوشێوە، دوو فەرمانی بەپەلەمان دەركردووە. 

یەكەیەكی فریاكەوتنی خێرای مرۆیی و چاكبوونەوەمان دامەزراندووە و ئەركدارە بە:

- دابینكردنی خێرای پێداویستییەكان بۆ زیانلێكەوتووان، وەك شوێنی حەوانەوە و خۆراك و ئاوی پاك و پشتیوانیی پزیشكی.

- هەماهەنگ كردنی چالاكییەكانی حكومەت و ئاسایش و كەرتی تایبەت و ڕێكخراوە ناحكومییەكان.

- ئاساییكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان و ژێرخانی پێویست.

- تۆماركردنی خێزانە ئاوارەكان و گەیاندنی هاوكاری.

- دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو تیمەكانی فریاكەوتنی ناوخۆیی و ناوچەیی.

- ئامادەكردنی پلانێكی ڕوون بۆ چاككردنەوە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی هاوشێوە لە هەفتەكانی داهاتوودا.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: هەروەها لیژنەی لێكۆڵینەوەمان پێكهێناوە تا بە شێوەیەكی زانستی لێكۆڵینەوە لە كەمتەرخەمییەكان و چۆنییەتی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریكردن لەم جۆرە رووداوانە لە داهاتوودا بكات.

جێگری سەرۆكی حكومەت وتیشی:" ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر یارمەتیدانی گەلەكەمانە. سبەینێ بەدوای ڕاستییەكاندا دەگەڕێین و لێپرسینەوە لە هەر كەمتەرخەمییەك دەكەین. خەڵكی چەمچەماڵ، شۆڕش، پیریادیەكان و گەرمیان  دڵنیا دەكەینەوە كە بە تەنها جێیان ناهێڵین و لەگەڵیان دەبین تا ئەو كاتەی دڵنیا دەبینەوە لە ئاسایی بوونەوەی دۆخە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن