راچڵەکین-
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی بارانی بەخوڕو لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەژمارەیەك پارێزگا، شەش كەس گیانیان لەدەستداوە. ئامارەكەی تەندروستی عیراق قوربانیانی هەرێمی كوردستانی لەخۆنەگرتووە.
ڕۆژانی 9 تا 11ی ئەم مانگە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ سەرانسەری عیراقی بەهەرێمی كوردستانیشەوە گرتەوە، بەگوێرەی ئامارێكی تەندروستی عیراق بێت، بەهۆی لافاوەوە دوو كەس لە كەركوك گیانیان لەدەستداوە، لە زیقار، واست و دیوانیەش چوار كەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەك ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، بەهۆی لافاوەوە دوو كەسی تر برینداربوون كەیەكێكیان لەكەركوكە.
بڵاوكردنەوەی ئەو ئامارەی تەندروستی عیراق لەكاتێكدا دێت بەهۆی هەمان شەپۆلی باران و لافاوەوە لەهەرێمی كوردستان چوار كەس گیانیان لەدەستدا كە دوانیان خوێندكار بوون، تائێستاش ئەندازیارێكی بەڕەگەز عەرەب چارەنووسی نادیارەو نەدۆزراوەتەوە.