هەسەدە لەسەر كوژرانی دوو سەربازی ئەمریكا لە سووریا دێتەدەنگ

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 290

راچڵەكین -

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی ناوچەی تەدمور دەكات كە بووە هۆی كوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێكی ئەمریكا، راشیدەگەیەنێت: رێگە بە گروپە تیرۆریستییەكان نادەین خۆیان رێكبخەنەوەو وەڵامی توندی ئەو لایەنەش دەدەینەوە كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە.

فەرماندەیی گشتی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وێڕای سەركۆنەكردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی كە كرایە سەر سوپای ئەمریكای هاوپەیمانمان لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، جەخت لەوە دەكەینەوە هێزەكانمان بە هاوبەشیكردنی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رێگە بە رێكخراوە تیرۆریستییەكان نادەین ریزەكانیان رێكبخەنەوە و جارێكی تر هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكەو جیهان بكەن، وەڵامێكی یەكلاكەرەوەو راستەوخۆی ئەو لایەنەش دەدەینەوە كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە كە هێزەكانیان تواناكانی خۆیان سەلماندووە لە رەگ و ریشە دەرهێنانی داعش و لەناوبدنی ژێرخانە سەربازییەكەی لە باكوور و رژهەڵاتی سووریا، تیرۆریش لەهەر شوێنێك بێت بێ سڵەمینەوە لەناویان دەبەین.

ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025، لەناوچەی تەدمور لە ناوەڕاستی سووریا، هێزێكی هاوبەشی ئەمریكا و سووریا رووبەڕووی هێرشێكی تیرۆریستی بوونەوە، بەگوێرەی راگەیندراوێكی وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، لەئەنجامی هێرشەكەدا كە لەلایەن چەكدارێكی تیرۆیرستەوە ئەنجامدرا، دوو سەرباز و وەرگێڕێكی هێزەكەی ئەمریكا كوژران و سێ كەسی دیكەش بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن