راچڵەكین-
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لەدژی ئەو كەسانە دەكات كە هێماكانی هاتووچۆ و ڕێنیشاندەری سەلامەتییان لە شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لێكردووەتەوە یان شكاندووە.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، پاش كردنەوەی 25 كیلۆمەتری سەرەتای شەقامی 100 مەتری سلێمانی ناسراو بە شاڕێی بابان و دانانی هێمای هاتووچۆ و ڕێنیشاندەری سەلامەتی لەلایەن جێبەجێكاری پڕۆژەكەوە:"بەوپەڕی نیگەرانییەوە ڕایدەگەیەنین بەشێك لەو پێداویستیی و ڕێنیشاندەر و هێما هاتووچۆیانەی بۆ پاراستنی سەلامەتیی و گیانی شۆفێران و سەرنشینان داندراون لەلایەن هەندێك هاوڵاتیی و كەسانی نابەرپرسیارەوە ڕووبەڕووی لێكردنەوە و شكاندن و بردن بوونەتەوە."
"سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پاڵپشت بە ڕێساو ڕێنماییە بەركارەكان ئاگاداری ئەو كەسانە دەكاتەوە كاری هاوشێوە دووبارە نەكەنەوە و لە جێگای ئەوە ببنە پارێزەری سەلامەتی ژیانی خۆیان و هاوڵاتییان و خوشك و براكانیان كە شەقامەكە بەكاردەهێنن، لە ئەگەری پابەندنەبوون و دووبارەكردنەوەی ئەو كارە ناشارستانییە ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوە هاتووچۆیانەیان دەكەوێتە ئەستۆ." وەك لەراگەیەندراوەكەی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە.