راچڵەكین-
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی دابەشكردنی 24 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانوونی یەكەمی 2025 نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراق بڕی 24 ملیارو 250 ملیۆن دینار، وەك گوژمەیەكی تری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ڕەوانەكراوەو، چەكی بانكیی هاتووە و ڕێكارە كارگێڕی و داراییەكان دەستیان پێكردووە.
وتیشی، لەو بڕە پارەیەی هاتووە، 9 ملیار و 500 ملیۆنی بۆ سلێمانییە، 7 ملیار و 750 ملیۆنی بۆ هەولێر، 7 ملیار دیناریش بۆ دهۆكە.
"پارەكە لە ڕێگەی چەند بانكێك دابەش دەكرێ، زەحمەتە لەم هەفتە دەست بە دابەشكردنی بكرێ، دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو." نەوزاد شێخ هادی بۆ میدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە.
سەبارەت بەوەی پارەكە بەسەر كێ دابەش دەكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان وتی: "ئەو جووتیارانەی لە تۆنێك تاوەكوو 500 تۆن گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە، پارەی ئەوان دەدرێت."
جووتیارێك 500 تۆنی ڕادەست كردبێت، ئەوە 425 ملیۆن دینار وەردەگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاشیگەیاند، بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 800 بۆ 850 هەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت.