راچڵەكین-
شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لەشاری هەولێر كۆدەبنەوە، تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و هەڵوێستی كورد لەبەغداد دەكرێت.
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندبوو:" لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوەو كۆبوونەوەكەش درێژكراوەی كۆبوونەوەكانی رابردوو دەبێت كە لەنێوان هەردوولا هەبوون."
رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامادەیی یەكێتی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم راگەیاند:"ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ برایانی پارتی لە گفتوگۆدا بوین تا كاتی گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئێستاش ئامادەین دەستپێبكەینەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم".
شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم كۆبوونەوەیەدا پێكهاتووە لە قوباد تاڵەبانی، رێواز فایەق و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران.
هاوكات شاندی پارتی پێكهاتوون لە هۆشیار زێباری و پشتیوان سادق، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی.